ئەمڕۆ شاندی هەدەپە یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەنجام دەدات
پەیامی کورد ... شاندی باڵای پارتی دیموکراتی گەلان " هەدەپە " بەسەرۆکایەتی سەزای تەمەللی گەیشتە هەولێری پایتەخت.
شاندەکەی باکووری کوردستان کە پێکدێت لە هەریەکە لە سەزای تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی گشتی کەجەدە، فاتما کورتولان جێگری گرووپی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا و نەزمی گور، جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە.
شاندەکەی هەدەپە لەلایەن نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی و نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دوای گەیشتنی بە شاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، دەمێکە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام وەک دەزانن دۆخێکی نەخوازراو لە باکوری کوردستان لە ئارادایە بەتایبەت بۆ هەدەپەییەکان کە لە تورکیا لە کێشەدان و ئێستا لە تورکیا دۆخێکی نەرێنی لە ئارادایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەکو هەدەپە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێشخەریمان هەیە و چارەسەریمان هەیە".
تەمەللی ووتیشی، "وەکو دەزانین نێچیرڤان بارزانی، بوەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاتوین پیرۆزبایی لێبکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ پەرلەمانی کوردستان بخوازین، دەشمانەوێت سەردانی مەسعود بارزانی بکەین و گفتوگۆ بکەین و راوێژی بکەین".
تەمەللی ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە خەباتی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا دەکەین و خەباتی هەدەپە تەنها بۆ تورکیا نیە، بەڵکوو سنورەکان تێدەپەڕێنێت".