چەند هاووڵاتییەکی کورد لە مەخموور بە دەستی چەکدارانی داعش دەڕفێندرێن
پەیامی کورد ... ژمارەیەک ھاووڵاتی قەزای مەخموور لە چیای قەرەچۆغ دەکەونە دەست چەکدارانی داعش و بەرپرسێکی پارتییش ڕایدەگەێنێت یەکێک لەو ھاووڵاتییانە ئاسایشی یەکیتییە و لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو سنوورە، چوونکە داعش دەستی بەسەردا گرتووە.
کرمانج عەبدوڵلا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی ڕایگەیاند: "دوێنێ ژمارەیەک ھاووڵاتی سەنتەری قەزای مەخموور بە مەبەستی هەڵکەندنی دۆمبەڵان چوونەتە چیای قەرەچۆغی نزیک شارۆچکەی مەخموور و دواتر کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، چەکدارانی داعش داوای ناسنامەیان لەو ھاووڵاتییانە کردووە و دواتر دەرکەوتووە یەکێک لە ھاووڵاتییانی کورد پێناسی ئاسایشی یەکیتیی پێ بووە و لە لایەن داعشەوە دەستگیر کراوە و چارەنووسی دیار نییە."
بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی دەشڵێت: "چەکدارنی داعش لە چیای قەرەچۆغ و دەوروبەری قەزای مەخموور بەردەوام ھاتۆچوو دەکەن و ئەو سنوورە پڕیەتی لە چەکدارانی داعش، پێشتر ھەر لەو سنوورە کردەوەی تیرۆریستییان بەڕێوە بردووە."
عەبدوڵلا ڕوونی کردەوە: "ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بەڕێوە ببرێت، چوونکە ئیستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەبێ ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە ناوچەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ، ھەوڵەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق لە دانووستاندان."
کرمانج عەبدوڵلا دەڵێت: "پێشتر یەک ھەزار و ٣٥٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزگاریی لێ دەکرا، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر داعش گەڕاوەتەوە ناوچە کوردستانییەکان و ٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لەژێر دەستی داعشدایە."