کوژرانی چوار کەس بە دەستی سپای پاسداران لە مەهاباد
پەیامی کورد ... کوژرانی چوار کەس بە دەستی سپای پاسداران لە مەهاباد
هێزەکانی سپای پاسداران پاش راوەدوونانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لە نزیک شاری مەهاباد، جیپەکەیان دایە بەر گولەی ئارپی جی و چوار سەرنشینەکەیان کوشتووە.
بە پێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ئەیلوول، هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی " کۆنەدێ" هەڵکەوتوو لە سەر جادەی مەهاباد/سەردەشت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپیان بە چەکی نیوە قورسی ”ئار پی جی“ کردووەتە ئامانج.
هەر چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە، بەڵام تا ئێستا ناوی شوناسی کەسێکیان بە ناوی "خدر بایزیدی" دانیشتووی میراوای بۆکان، بۆ هەنگاو روون بۆتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێ کەس لەو چوار کەسە کوژراوە، ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بوون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی لەم بارەوە راگەیاندراوی نەداوە و سپای پاسدارانیش لەم بارەوە هەواڵێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.
سەرچاوەکە هەروەها راشیگەیاند کە خدر بایزیدی کە خەڵکی گوندی " گوڵان"ی خەلیفانی مەهاباد بوو، زستانی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ پەکەکە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی چەند مانگ لە بەندیخانەدا بوو.
شایانی باسە سوپای پاسداران تەرمی سووتاوی کوژراوەکانی لە گەڵ خۆیدا بردووە و تا ئیستا نەیداوەتەوە بە بنەماڵەکانیان.