ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد … ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١ بەندە بە رێككەوتنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە سایتی روداوی راگەیاندووە: "ماددەیەك لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا هەیە كە دەڵێت، بودجە لە رۆژی پەسندكردنییەوە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. ئەو رۆژەش كۆتایی مانگی ئاداری رابردووە. جگە لەوە، بودجەی فیدراڵی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە هەژمار دەكرێت".
وتیشی: "سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵیی ئەمساڵدا، ئەو بابەتە لە پەرلەمان نەماوە و بەندە بە دانوستاندن و رێككەوتنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵام هەژماركردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەبێت".
لە كۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵدا بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ی عێراق پەسەندكرا، بەڵام تائێستا بەشە بودجەی هەرێم رەوانە نەكراوە.
سەرباری جەختكردنەوەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لە بارەی پابەندبوونیان بە بڕگەكانی بودجەوە، بەڵام عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندوە، تائێستا هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغدا نەكردووە.