"پارەی بەغدا لە هەولێرە و ئامادەیە بۆ دابەش کردن"
وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پارەی حکوومەتی عێراق کە بۆ ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی ناردووە، لە ھەولێرە و ئامادەیە بۆ دابەشکردن.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمرۆ لە پرێس کۆنفرانسیکدا رایگەیاند، کە وەک قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ژمارەی بانکەکانی ھەرێمی کوردستان کەم دەکرێنەوە.
رێباز حەملان راشیگەیاند، کە ئەو بانکانەی لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە، لەلایەن حکوومەتی عێراق مۆڵەتیان پێ دەدرێت و مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت.
وەزیری دارایی لە پرێس کۆنفرانسەکەدا، کە لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد کە پارەی مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لە ھەولێر و ئامادەیە بۆ دابەشکردن و چاوەڕێی بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ دابەشکردنی پارەکە..
لە لایەکی ترەوە عەلی عەلاق رایگەیاند، بانکەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی پلانێک لە بەغدا تۆمار دەکرێن و ھەردوولا رێک کەوتوون لەسەر ئەوەی بانکەکان ببنە حەڵقەی یەکەمی رێکخستنی ئەو پرسە.
عەلاق ئاماژەی بە بابەتی باج دا و گووتی، "ھەوڵ دەدەن جیاوازییەکانی باج لە نیوان ھەولێر و بەغدا نەھێڵن و یەک جۆر سیستەمی باج وەرگرتن پەیڕەو بکرێت".