سەرۆک بارزانی جێژنی (جەمایێ) لە ئێزیدییەکان پیرۆز کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی جێژنی (جەمایێ) لە ئێزیدییەکان پیرۆز کرد
سەرۆك بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ی ئێزیدییان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی میری ئێزیدیان و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئایینی ئێزیدی و سەرجەم ئێزیدییانی كوردستان و جیهان کرد.
دەقی پەیامەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (جەمایێ)ـی ئێزیدی پیرۆزبایی لە میری ئێزیدیان و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئایینی ئێزیدی و سەرجەم خوشك و برایانی ئێزیدیی كوردستان و هەموو جیهان دەكەم.
هەر لەو بۆنەیەدا پابەندبوونمان بە بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دووپات دەكەینەوە و جارێكی تر پشتیوانیی خۆشم بۆ داواكاریی و مافی ڕەوای خوشك و برا ئێزیدییەكان ڕادەگەیێنم. هیواداریشم كە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان هەموو جەژن و خۆشییەكانیان لە كەشێكی ئارام و پڕ لە ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و كۆتایی بەو ئێش و ئازارانە بێت كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی زوڵمی تیرۆریستان بینیویانە.
جەژنتان پیرۆز و بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی
6ـی 10ـی 2020