سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕینی ٣٥ ساڵ بەسەر کارەساتی زێوە دەڵێ، دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ رێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ".
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "هەركەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی رژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت".
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر بوردوومانی (ئۆردوگای زێوە) تێدەپەڕێت. لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعسی عێراق بە هەشت فڕۆكەی سیخۆ بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردۆگا و پەنابەرانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵی بێ تاوانی شەهید كرد.
كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت. ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان نەوەستا و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجام دا. هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت.
لە هەمانكاتیشدا، خۆڕاگری و قارەمانیەتی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینە و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ و سەرشۆڕ و تێكشكاو دەمێنێتەوە.
لەو یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی سەربەرزی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سڵاو بۆ گیانفیدایی و ئازایەتی گەلی كوردستان.
مسعود بارزانی
9ـی 6ـی 2020