TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەم حەفتەیە واژوو لەسەر ھەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات

سارا
Yazar
📅 23 Temmuz 2019 15:47

پەیامی کورد    ...     سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان واژۆ و پەسەند بكات و دواتریش رەوانەی پەرلەمانی بكات، كە ئەوانیش ئەنجوومەن ئاگادار دەكەنەوە و دواتریش یەكەم ھەنگاوی ئێمە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ حكوومەت دەبێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، كەنعان خەیلانی،  ڕایگەیاند: "دوای ھەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان و درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنیان، ھەموارەكە لەلایەن پەرلەمانەوە رەوانەی سەرۆكایەتی ھەرێم كراوە بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بكات و دواتریش رەوانەی پەرلەمان بكرێتەوە، بۆیە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا سەرۆكی ھەرێم واژووی بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە و دواتریش ئێمە لە رێگەی نووسراوی فەرمییەوە ئاگادار بكرێینەوە".

خەیلانی گوتیشی: "دوای كاراكردنەوەی ئەنجوومەن، یەكەم ھەنگاوی ئێمە ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك دەبێت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنمان و دواتر دەسەڵاتی خۆمان بەكار دێنین  و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت ئەنجام دەدەین بۆ شێوازی كاركردن لە داھاتوودا، كە بە چ شێوەیەك بێت، بۆ ئەوەی بەركەوتن لە نێوان لیژنەكانی ئێمە و پەرلەمان نەبێت و ئەمە رێك بخرێت و ناكرێت لیژنەیەكی پەرلەمان بەدوای مەلەفێكدا بچێت و لیژنەی ئێمەش بەدوای ھەمان مەلەفدا بێت، بۆیە پێویستە ھەماھەنگییەكی تەواو ھەبێت لە كاتی بەدواداچوونەكان و پێویستە كارەكانیان جیا بكرێتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە قسەمان كردووە و دەمانەوێت بە شێوەی كرداری ئەو كارەبكرێت و ئیشی ھەر یەكەیان دیار بێت، چونكە ئێمە دوو دەزگای ھەڵبژێردراوین لە لایەن خەڵكەوە".

Paylas: