سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆ دەبنەوە
پەیامی کورد... سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆ دەبنەوە
بڕیارە سبەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکانی هەرێم کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم.
کۆبوونەوەکە لە هەولێر لەسەر داوا سەرۆکایەتیی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیایەکی سەر بە پارتی ڕاگەیاند، سبەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کۆ دەبنەوە.
سێشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە نادەستووری ناو برد، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم بڕیاری دادگاکەی بە نادەستووری ناوزەندکرد.
دوێنێ سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سەرۆکایەتی حکومەت، هەرێم و پەرلەمان، سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێم لە هەوڵی ئەوەدان ئەم پرسە چارەسەر بکەن، ئامادەییان دەربڕیوە لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا یەکلایی بکەنەوە.
وتیشی، «ڕای حکومەتی هەرێم وایە کە سەرجەم هەنگاوەکانی لە بواری نەوت و گرێبەستەکانی بەپێی یاسای نەوت و گاز ئەنجامداوە، پێشتر ڕێککەوتن هەبووە لەسەر نووسینەوە و بڕیاردان لەسەر یاساکە، بەو پێیەی حکومەتی عێراق لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازدا دواکەت».