سوپای تورکیا لە عەفرین ماڵی سێ هاووڵاتی دەسووتێنن
سوپای تورک و چەکدارەکانی بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان لە ناوەندی عەفرین و لەو چوارچێوەیەشدا، ماڵی سێ هاوڵاتیان سووتاند.
ئەمڕۆ بە پێی هەواڵە ناوخۆییەکان لە ناوەندی عەفرین و شارۆچکەکانی دەورووبەرییەوە باس لە پێشێلکاریی و دڕندەییەکانی سەربازان و چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە دژی هاووڵاتیان دەکەن.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە “هێزە داگیرکەرەکان لە گوندی ماراتی سەربە عەفرین ماڵی سێ هاوڵاتییان ئاگرداوە و سووتاندوویانە، هەر لەو گوندەدا زمانی خوێندنگاکانیان گۆڕیوە بە تورکی و منداڵەکان بە تورکی پەروەردە دەکەن”.
ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەشداوە “هەروەها لە گوندی قەتمای سەربە شارۆچکەی شەرای عەفرین، کە گوندێکی ئێزدی نشینە، هێزە داگیرکەرەکان هاوڵاتیانی ئێزدی دەڕفێنێن و دەریان دەکەن، ڕاگەیەندراوە، کە تا ئێستا ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئێزدی بێ سەروشوێن کراون و هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە لە دەستدا نییە”.
ئاژانسە ناوخۆییەکان ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە “لە شییەی سەربە عەفرین، لە ماڵی ئەو هاووڵاتیانەی بە زۆر شارۆچکەکەیان پێ چۆڵ کراوە، چوار بنەماڵەی چەتەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات جێگرکراون”.