یەکیتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پەشیمانە
وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە شارەزایانی دەستوور بە پۆستێکی بێدەسەڵاتی دەزانن، یەکیتی نیشتمانی کوردستانی لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کردووە و پارتیش ڕایدەگەینێت کە ئێستا یەکیتی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە پەشیمانە.
پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکیتی نیشتمانی کوردستان چاوی لەوە بوو کە پۆستێکی وەزاری لە حکوومەتی عێراق وەربگرێت، بەڵام لەو ١٤ وەزارەتەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ١٠ی ٢٠١٨ متمانەیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پێدرا، پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکانی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی پێدرا، کەچی یەکیتی هیچ پۆستێکی دیکەی پێ نەدرا.
چاودێران پێیانوایە لەو چەند وەزارەتەی ماوە، پۆستی وەزارەتی دادی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش پشکی کوردە و بەهەمان شێوە پارتی یەکێک لەو پۆستانە وەردەگرێت و پۆستەکەی دیکەش بە مافی خۆی دەزانێت، بەم شێوەیەش یەکێتی هیچ پۆستێکی لە حکوومەتی نوێی عێراق نابێت.
هەروەها سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیشەوە، پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە وەک چۆن یەکیتی پشتی بە زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان لە بەغدا بەستووە، پارتیش هەمان کار دەکات. بەم شێوەیەش ئەگەر یەکیتی بەشداری لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندان یشدا بکات، ئەوا بەشدارییەکی لاواز دەبێت. بۆیە چاودێران پێیانوایە یەکیتی خۆی لە هەردوو حکوومەت کردووە، بەهۆی پۆستەکەی سەرۆککۆمارەوە.