توركیا ناوچە سنورییەكانی هەرێم تۆپباران دەکات
تۆپبارانكردنی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە دەستیپێكردەوەو بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانیش داوا لە دانیشتوانی ژمارەیەك گوند دەكات، ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و ڕاشیدەگەینێت: لەكۆی ڕوداوەكان سەرووی خۆمان ئاگاداركردۆتەوە.
ئیحسان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، لهلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: كاتژمێر 6:15 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی 4ی 2018، لەلایەن تۆپخانەكانی سوپای توركیاوە، هەریەك لەگوندەكانی بێسنۆك و كیادێل و كەندەگەڵی لەسنووری ناحیەكەمان كراونەتە ئامانج.
وتیشی:” بەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان و خۆپاراستنیان لەو بۆردومانە، سەرجەم دانیشتوانی هەردوو گوندی خەلیفان و لێكتان، كە نزیكن لەشوێنی بۆردومانەكان، ناوچەكەیان چۆڵكردوەو لەگوندەكانیان هاتونەتە دەرەوە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان داواشی لە دانیشتوانی ئەو گوندانە كرد كە دوچاری بۆردومانی توكریا بوونەتەوە، بە زووترین كات شوێنەكانیان جێبهێڵن و راشیگەیاند:” ژیانی خۆیان لەماڵەكانیان پیرۆزترو گرنگترە، بۆیە داوادەكەین گوندەكانیان چۆڵ بكەن، تا كۆتاییهاتنی تۆپبارانەكان”.
ئاشكراشیكرد: سەرووی خۆمان لەكۆی ڕووداوو زانیارییەكان ئاگاداركردۆتەوەو تا ئێستاش تۆپبارانەكان هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.