پەیامی کورد … ٢٨ هەزار کۆچبەر لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا
ئاژانسێکی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٨ هەزار کۆچبەر بەنایاسایی لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، ئەوەش گرژیی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و لەندەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی ‘بی ئەی’ـی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو ٢٨ هەزار و ٣٩٥ کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی لە خاکی فەرەنساوە و لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە بۆ خاکی بەریتانیا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ساڵی ٢٠٢١دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ سێ هێندە زیادیکردووە، بەشێوەیەک ساڵی ٢٠٢٠ تەنها هەشت هەزار و ٤٠٠ کۆچبەر تۆمارکراون.
ئاژانسەکە زانیاریەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیای خستووەتەڕوو، کە تەنها مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢١ شەش هەزار و ٩٠٠ کۆچبەر بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، تەنها لەیەک ڕۆژیشدا هەزار و ١٨٥ کەس پەڕیونەتەوە، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
بی ئەی تیشکی خستووەتەسەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیاش بەهۆی پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا و دەڵێت: گەیشتنی زۆری کۆچبەران پەیوەندییە توندەکانی لەگەڵ فەرەنسا خراپتر کردووە، کە حکومەتی بەریتانیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە کاری پێویست ناکات بۆ ڕێگریکردن لە دابەزینی گەشتەکان لە خاکەکەی، سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەش بۆ ئەو مەبەستە.
هاوکات ئاژانسە بەریتانییەکە تیشکی خستووەتەسەر نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لە مانگی ١١ی ئەمساڵ، کە ٢٧ کۆچبەری تێدا خنکا کە ١٦یان خەڵکی باشووری کوردستان بوون و دەڵێت: ئەو ڕووداوە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی زیادکردووە، چونکە یەکێک بوو لە خراپترین تراژیدیای کۆچبەران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە