پەیامی کورد ... دەنگۆی بەشداری پێنەکردنی کورد لە نووسینەوەی دەستوور ڕەت دەکرێتەوە و کورد ڕۆڵێکی گرینگی لەم بەشدارییە دا دەبێت
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ''ئەنەکەسە'' ڕەتی دەکاتەوە کە کورد بەشداریی پێ نەکرێت لە گفتوگۆکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و دەڵێت، ٢٤ی ئەم مانگە دوای ماوەیەکی زۆر کۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بە بەشداری نوێنەری ''ئەنەکەسە'' لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت و ڕۆڵێکی گرینگیشیان لە نووسینەوەی دەستوور دەبێت و داکۆکی لەسەر مافی کورد دەکەن.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەو ئەنجومەنە، ئیبراھیم برۆ، ڕایگەیاند : "٢٤ی ئەم مانگە کۆمیتەی بچووکی نووسینەوەی دەستوور کۆ دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمیتەی گەورە ١٥٠ کەسە و ئەوەی بچووک ٤٥ کەسە و ھەرلایەنێک ١٥ کەسە؛ ١٥ کەسی ئۆپۆزسیۆن، ١٥ کەسی ڕژێم و ١٥ کەسی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئێمە لەناو ئۆپۆزسیۆن نوێنەری خۆمان ھەیە و ئەمڕۆ بەرێ دەکەون بۆ ژنێڤ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیە و بەناوی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد بەشدارین."
ئیبراھیم برۆ ووتیشی: "ئەوەی کە بڵاو کراوەتە کە چیتر کورد بەشداری لە کۆبوونەوەکانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا ناکات، ڕاست نییە و ئێمە بەفەرمی بەشدارین و لە نووسینەوەی دەستووریشدا ڕۆڵمان دەبێت و داکۆکی لەسەر مافەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین."
برۆ باسی لەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو مانگی ١١ کۆبوونەوە کرا کە بەردەوام بین لەسەر گفتوگۆ بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵام ناکۆکی درووست بوو و دواتریش شەش مانگە بەهۆی کۆرۆناوە کۆبوونەوە نەکراوە، ئەمەی ئێستا دەکرێت کۆبوونەوەیەکی گرینگە و شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی باڵا و شاندی ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئاستی جێگری وەزیری دەرەوە بەشدار دەبن و ئەوەی ئەمەریکاش جیمس جیفری، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە سووریا بەشداری دەکات، بۆیە سێ شاندی گرینگ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دەکەن کە کوردیش تێیدا بەشدارە."
چەند میدیایەک دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە کورد لە کۆبوونەوەی ئەم جارەی گفتوگۆکردن بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەشداری پێ ناکرێت، بەڵام ئەنەکەسە ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە