پەیامی کورد ... لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان ئەنجام دا، جێگری سەرۆكی هەرێمیش دەڵێ، ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و هەردوو جێگرەكەی لە سلێمانی لەگەڵ چەند حیزبێك كۆدەبنەوە.
مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەردوو جێگرەكەی دێنە سلێمانی و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆدەبنەوە".
سەید قادر گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێم دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەكان كردووە لەبارەی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكیتی نیشتیمانی كوردستان، زیاتر بۆ یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستانە".
جێگری سەرۆكی هەرێم، زانیاریی زیاتری دا و گوتی، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ گۆڕان و یەكیتیدا، دۆخی ناوچەكە و عێراق و یەكڕیزیی ناوخۆی هێزە كوردستانییەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
ناوبراو دەشڵێ، كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان، لێكنزیكبوونەوەیەكی باشی لێ بەرهەم هاتووە، هەروەها هەنگاوی زیاتری یەكڕیزیی ناوخۆیی دەنێن، چونكە هەڵوێستەكان لە یەك نزیكن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە