پەیامی کورد... لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ لە ڤیلینیۆسی پایتەختی لیتوانیا دەستپێدەکات و کۆمەڵێک پرسی گرنگ بە ڕێکخراوەکە بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤیلینیۆسی پایتەختی لیتوانیا لوتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و گرنگترین پرسیش کە چاوەڕواندەکرێت بڕیاری لەبارەوە بدرێت بە ئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیایە لە ڕێکخراوەکە.
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تورکیا سوورە لەسەر مەرجەکانی خۆی بۆ قبوڵکردنی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە ئێستادا لێدوانی جیاواز هەیە و پێشبینی دەکرێت لە لوتکەی ئەمجارەدا ڕازی ببێت بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە، هەرچی ئۆکرانیاشە دەوڵەتانی ئەندامی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان ڕازین و بەشێکی دیکەیان بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا بە مەترسی ناودەبەن و ڕازی نین بە داواکەی.
جگە لە پرسی بەئەندامبوونەکان کۆمەڵێک پرسی دیکەی وەک بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا و وەڵامدانەوە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا و بەهێزکردنی گیانی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەندام بەشێکی دیکە لە لوتکەکە پێکدەهێنن.
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بڕیارە ناتۆ پێداچوونەوەیەکی تەواو بە سیسمی بەرگری لە بەری ڕۆژهەڵاتی بکات و لە لوتکەی ئەم جارەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکات.
لە ساڵی 2014 ڕێکخراوەکە بڕیاریدابوو تێچووی بەرگری بە ڕێژەی %2 ی کۆی داهاتی ناوخۆیی و نیشتمانیی تا ساڵی 2024 بەرزبکاتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیتوانیا داوایکردووە ئەو یاسای بنەڕەتی پەیوەندیی و هاوکارییەکانی نێوان ڕێکخراوەکە و مۆسکۆ ڕەتبکاتەوە.
پرسی چین و تایوان بەشێک لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ناتۆ پێکدەهێنێت بە تایبەت کە دەوڵەتانی ئەندام ترسیان هەیە هەمان سیناریۆی ئۆکرانیا دووبارە ببێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێ کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەبێت، لانی کەم بەشێک لەو پرسانەی لە سەرەوە باسکراون بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە