پەیامی کورد ... سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نابێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێزی ئەم حزب و ئەو حزب بێت، بەڵكوو دەبێت هێزێكی یەكگرتووی كوردستانییانەی نیزامیی تۆكمە بە دیسپلینی سەردەمییانە بنیات بنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانی وتارێكیدا كە لە خولی ٢٦ی پێگەیاندن لە ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ پێشكەشی كرد، ئەكادیمیاكەی بە جێگەی شانازی وەسف كرد و رایگەیاند، كە پێشمەرگە هێزێكی خاوەن مۆراڵ و ئاشتیخواز و ژیاندۆستە و خولی پێگەیاندنیش پێویستییەكی گرنگە بۆ ئەفسەران.
هاوكات ڕوونی كردەوە كە ئەركی پێشمەرگایەتی لە ئەركە هەرە پیرۆزەكانی كوردستانە، ”ئێوە لە هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكە هەمیشە لە ئاستی چاوەڕوانیی گەلەكەتاندا بوون، شكستدان بە داعش گەورەترین بەڵگەیە و بۆ هەمیشە كوردستان شانازیتان پێوە دەكات“.
بە پێویستیشی زانی، پێشمەرگە هێزێكی گۆشكراو بێت لەسەر بنەما مرۆییەكان و ڕێككەوتننامەكانی تایبەت بە جەنگ، ”ناكرێت پێشمەرگە هێزی حزبی و لایەن و گرووپەكان بێت، بەڵكوو دەبێت پێشمەرگە دوور بێت لە ناكۆكی و ململانێی ناوخۆ و بۆ مەرامی سیاسی و كێشە سیاسییەكان، بە هیچ شێوەیەك نابێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەكار بێت“.
جەختیشی كردەوە كە دەبێت پێشمەرگە خۆی قەبوڵی نەبێت، پێشمەرگەی حزب و لایەنەكان بێت، بەڵكوو پێشمەرگەی كوردستان و دەستكەوتەكانی ئەم گەلە بێت و هێزێك بێت لە ئاستی ئەو هەڕەشانەدا بێت كە لەسەر كوردستانە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد: ”پێشمەرگە و خۆبەخشان لە شەڕی داعشدا مەردانە بەرگرییان كرد و قوربانی گەورەیان دا. ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە هەم ئەزموونێكی نوێ و هەم سەخت بوو، دەرفەتێكیش بوو كە كەموكوڕییەكانمان لە ڕووی سەربازییەوە بەباشی ببینین و وانەیەك بوو كە بزانین چۆن هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو لەسەر بنەما سەربازییەكان بونیاد بنێین. لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هیچ جیاوازییە لەسەر بنەمای حزبی نەكرا، مەترسی و هەڕەشە وەك یەك لەسەر هەموومان و هەموو كوردستان بوو، بۆیە دەبووایە پێشمەرگەش هی هەر لایەنێك بووبێت، بە یەك هێز و یەكگرتوویی لە هەمان سەنگەردا بەرگری بكەن و پێكەوە قوربانی بدەن“.
دووپاتیشی كردەوە، دەبێت هێزێكی یەكگرتووی كوردستانییانەی نیزامیی تۆكمە بە دیسپلینی سەردەمییانە بونیاد بنێین، هێزێك لە یەك ناوەندەوە كۆنتڕۆڵ و سەركردایەتی بكرێت و ببێتە یەكێك لە سیما دیار و بەهەیبەتەكانی هەرێمی كوردستان. هێزێك بە مەشق و راهێنان و فێربوونی بەردەوام و وەرگرتنی زانستی نوێ، بەهێز و پڕچەك بكرێت. هاوكات ژیان و گوزەرانێكی باشتر بۆ سەرجەم ئەفسەر و كارمەند و ئەندامانی ئەو هێزە نیشتمانییە بڕەخسێندرێت“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە، كە كاتی ئەوەیە بە بەرپرسیارییەوە كەمەكوڕییەكانمان لە بواری سەربازی دەستنیشان بكەین و دوور لە لایەنگری، بە جورئەتەوە بڕیار لە یەكخستنەوە و پێشخستنی پێشمەرگە بدەین و پێكەوە كار بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكان بكەین.
لە كۆتاییشدا سوپاسی هاوپەیمانان و وڵاتانی كرد كە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە، سڵاو و دروودیشی بۆ شەهیدان نارد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خواست.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە