پەیامی کورد ... رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایگەیاند : پاش ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردو كرایە سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سەعوودییە، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ئێستادا سەبارەت بە ناردنی چەكی زیادە بۆ سەعوودییە هەڵسەنگاندن دەكات.
پێگەی ئەلیكترۆنی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن "ەوە سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەم داوییەی سەعوودییە بڵاویكردوەتەوە، "لە ئێستادا ئەو ناوەندە ئیداریەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە تایبەتە بە كارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە سەعوودییە پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك گفتوگۆ".
ئاماژەی بەوەشكردوە "رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، 19 و 20ی ئەیلول، لەسەر ئاستی سەرۆك ئەركان جەنەراڵ كێنێت مككنزی و دو بەڕیوبەری جێبەجێكار لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەكان بۆ سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە كۆدەبنەوە و دواتر ئەنجامەكە دەخەنە بەردەست دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".
ئەو رۆژنامەیە روونیشیكردوەتەوە، بەرپرسانی ناوەندی پێنتاگۆن، پێشنیاری ئەوەدەكەن سیستەمی مووشەكی پاتریۆت بۆ بەرگری ئاسمانی و سیستەمەكانی " تاد " ی دژە مووشەكی بدەنە سەعوود٧ییە، هاوكات لەگەڵ ناردنی چەند فڕۆكەیەكی جەنگی كە لە پلاندا هەیە لە پێگەی ئەمیر سوڵتان لە رۆژهەڵاتی ریاز-ی پایتەختی سەعوودییە جێگیر بكرێـن".
لە هەمانكاتدا، وا بڕیارە هەریەك لە دۆناڵد ترامپ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمرۆ هەینی كۆبوونەوەیەكی داخراو ئەنجام بدەن، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ووتەی چەند سەرچاوەیەك كە رایانگەیاندوە "ترامپ پێی باش نیە هێز بەرامبەر ئێران بەكاربهێنێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە