سەرۆکی یەکیتی پەرلەمانتارانی کوردستان ... دەبێ لایەنەکان بە پێی قەبارەی خۆیان داواکاری پۆست بن لە حکوومەتی نوێ

سەرۆکی یەکیتی پەرلەمانتارانی کوردستان ...  دەبێ لایەنەکان بە پێی قەبارەی خۆیان داواکاری پۆست بن لە حکوومەتی نوێ

سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان رایگەیاند، ھەنگاوەكان بەرەو كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێم زۆر باشن و پێویستە پەلەی لێ بكرێت و چیتر پێكھێنانی حكوومەت دوا نەخرێت.

نیعمەت عەبدوڵڵا  سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ، ڕایگەیاند : "ئەو ھەنگاوانەی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان دەنرێن، زۆر باشن و پێویستە چیتر پێكھێنانی حكوومەت دوا نەكەوێت و دامەزراوە حكوومییەكان بكەنەوە سەر كاری خۆیان لە كابینەی نوێدا، چوونكە خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە سەیری گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان دەكات".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەو ھەنگاوانەی دەنرێن بۆ كاراكرنەوەی سەۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمیشن، بۆیە پێویستە ھەنگاوەكان بەردەوام بن و ھەنگاوی دیكەشیان بە دوادا بێت، كە لە بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان بێت و گرینگیشە ھەموو لایەنەكان پێكەوە ھەنگاوەكان بنێن و ھەر یەكەو بەپێی قەبارەی خۆی داوای پۆست بكات و سازش بۆ یەكتری بكەن".

سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتاران باسی لەوەش كرد، پێویستە ڕەچاوی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان بكرێت لە پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا و ئەمە گرنگیی زۆری ھەیە، چوونكە خەڵكی كوردستان دەنگی بە لایەنەكان داوە و دەبێ حیساب بۆ ئەوانە بكرێت دەنگی زۆریان ھێناوە، بەڵام گرنگە لایەنەكان ھەر چۆنێك بێت بگەنە رێككەوتن، چونكە جگە لە رێككەوتن، ڕێگای دیكەیان لە پێش نییە.

دەشڵێ: "ناكرێ لەوە زیاتر حكوومەت دوا بخرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بۆ ھەرێمی كوردستان باش نییە، بۆیە با حكوومەت دروست بكرێت و دواتر دەتواندرێت ھەر كێشەیەك ھەبێت، لایەنەكان لە نێوان خۆیاندا چارەی بكەن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە