پەیامی کورد... ئیسرائیل لیوایەکی سەربازانی "حەریدیم" لە ناوچەی ئاسایشی باشووری سووریا بڵاوەپێدەکات
سوپای ئیسرائیل، دوێنێ پێنجشەممە، بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لیوای "حەشمۆنائیم"ی لە ناوچەی ئاسایشی باشووری سووریا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بە یەکەمین جار دادەندرێت بۆ ئەم لیوایە کە سەربازانی تەوژمی "حەریدیم"ی توندڕەو لەخۆدەگرێت.
سوپا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕوونی کردەوە کە یەکە پیادەکانی سەر بە لیواکە دەستیان بە ئەنجامدانی ئەرکە مەیدانییەکان کردووە، ئەوەش دوای تەواوکردنی بەرنامەیەکی ڕاهێنانی تایبەت کە پشکنینی شوێنی و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەخۆدەگرت. ئامانج لەم ئەرکانە "لابردنی هەڕەشە ئەمنییەکان" و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیلییەکانە، بەتایبەتی دانیشتووانی جۆلان.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لیوای "حەشمۆنائیم" لە چەندین گۆڕەپانی دیکەدا بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی ڕێوشوێنی تایبەت کە ڕێگە بە سەربازە ئایینییەکان دەدات شێوازی ژیانی ئایینی خۆیان لە کاتی خزمەتی سەربازیدا بپارێزن.
ئەم بڵاوەپێکردنە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لیوای یەدەگی ژمارە ٥٥ لە سووریا، دوای زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە چالاکیی مەیدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
"حەریدیم"ەکان بە یەکێک لە توندڕەوترین تەوژمە ئایینییە جووەکان لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دادەندرێن؛ شێوازی ژیانیان لەسەر پابەندییەکی توند بە ڕێنماییەکانی تەوراتەوە دامەزراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان دژی دیاردەکانی مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایین، لەوانەش میدیا، تەکنەلۆژیا و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی، و لەناو کۆمەڵگەی داخراودا دەژین.
بۆ چەندین دەیەیە ئەم تەوژمە بە هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی ناسراون، ئەمەش لەبەر هۆکاری ئایینی کە سوپا وەک دامەزراوەیەکی عەلمانی دەبینن کە لەگەڵ شەریعەتی جوودا ناتەبایە و مەترسی بۆ سەر ناسنامەی عەقیدەیی ئەوان دروست دەکات. ئەم هەڵوێستە مێژووییە پشت بە تێگەیشتنێکی نەنووسراو دەبەستێت کە بە "ستاتۆس کۆ" ناسراوە و لێخۆشبوونیان لە سەربازی پێدەدرا، بەڵام پەرەسەندنە ئەمنییەکان جارێکی دیکە ئەم پرسەیان هێناوەتەوە پێشەوە.