پەیامی کورد... براد کووپەر داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشە سەربازییەکان لە سووریا دەکات
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی سووریا خستە ڕوو و داوای هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی کرد.
کووپەر ڕایگەیاند کە ئەوان پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکانی هەموو لایەنەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕ و دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.
فەرماندەی سێنتکۆم داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا کرد و گوتی: "داوا لە هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەکەین کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانە لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە ڕابگرن."
سەبارەت بە شەڕی دژی تیرۆر، ئەدمیراڵ براد کووپەر جەختی لەوە کردەوە کە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش پێویستیی بە گوشاری سەربازیی بەردەوام و بێپسانەوە هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ئامانجە تەنها لە ڕێگەی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هاوبەشە ناوخۆییەکانی سووریا و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەدی دێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: "بوونی سووریایەکی ئاشتیخواز کە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی لە تەباییدا بێت، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا."