بەرپرسێکی ئێرانی بۆ جەزیرە : مەرجەکانی ئەمریکا پیتاندنی سفر و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ڕەت کرایەوە
بەرپرسێکی باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لە دانووستانەکانی ژێنێڤ دووپات کردەوە و ئەو مەرجانەی کە تیمی ئەمریکی خستبووو ەڕوو، ڕەتکردەوە.
بە ووتەی ئەو بەرپرسە : پیتاندنی یۆرانیۆم "مافی حاكمیەتی" ئێرانە و تاران تەنیا بە "ڕاگرتنی کاتی پیتاندن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو" ڕازی دەبێت - نەک وەستانی هەمیشەیی. هیچ ئاماژەیەك بە بەرنامەی مووشەکی بالیستیک یان سیستەمی بەرگری لە پێشنیاری ڕێژیمی ئێران بوونی نییە.
بنەمای وەستانی تەواو و هەمیشەیی پیتاندن و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە سەرەکییەکان (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) و گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ دەرەوەی ووڵات "بە تەواوی ڕەت کراوەتەوە".
پێشنیارەکەی تاران سنووردارە بە کەم کردنەوەی ئاستی کۆگاکانی یۆرانیۆم بۆ پلەی نزمتر (ڕەنگە لە خوار ٥٪) لە ژێر چاودێری یەکجاری ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی. گرینگی بە "شەفافیەتی تەواو" دەدرێت لە چوارچێوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ناوكی، نەک سنووردارکردنی هەمیشەیی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکە.
ئەم هەڵوێستە لە ووڵامی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ دا دێت کە ئاشکرای کردبوو کە ئەمریکا لە جنێڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سێ شوێنی ئەتۆمی گەورە و ڕادەست کردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و قبووڵ کردنی هەمیشەیی "پیتاندنی سفر"ی کردووە.
ڕێژیمی ئێران بە ڕەت کردنەوەی ئەم مەرجانە بە شێوەیەکی کاریگەر نیشانی داوە کە ئامادە نییە پاشەكشە لە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکییەکانی خۆی بكات.
ئەمە لە کاتێک دایە کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیراڵد ئاڕ فۆرد بەرەو ئاوەکانی نزیک حەیفا دەڕوات و سبەی دەگاتە ناوچەکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە