پەیامی کورد... بەریتانیا سزای نوێ بەسەر تێوەگلاوانی توندوتیژی لە سووریا دەسەپێنێت
شانشینی یەکگرتوو ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، گورزێکی نوێ لە سزاکانی بەسەر ئەو کەس و ڕێکخراوانەدا سەپاندووە کە تێوەگلاون لە کردەوەی توندوتیژی و پێشێلکاریی قورس دژی مەدەنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕاوەدوونانی بەرپرسانی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی سووریا ئەنجامدراون.
وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنۆێڵس و گەشەپێدان ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوە ڕێوشوێنی سزادانی پەسەند کردووە دژی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە توندوتیژییەکانی ناوچە کەناراوەکانی سووریا کردووە لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەگەڵ کەسانێکی دیکە کە ناویان بەو تاوانە دڕندانانەوە بەستراوەتەوە کە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی ئەسەدا ئەنجامدراون.
بڕیارەکە پەردە لەسەر تێوەگلانی چوار کەس و سێ گرووپی چەکدار لادەدات لەو پێشێلکارییانەی گومانی ئەنجامدانیان لێدەکرێت لە کاتی لووتکەی ململانێکان لە سووریا، جگە لەو توندوتیژییانەی لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس ڕوویانداوە. هەروەها سزاکان دوو کەسی گرتووەتەوە کە ڕۆڵیان هەبووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بۆ ڕژێمی ئەسەد.
حکومەتی بەریتانیا جەختی کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە لە چوارچێوەی پابەندیی بەردەوامیانە بۆ بەدیهێنانی لێپرسینەوە (Accountability) سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر سوورییەکان کراون، چ لەلایەن ڕژێمی پێشوو بێت یان لایەنەکانی دیکە. لە هەمان کاتدا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریکردنی حکومەتی ئێستای سووریا کردەوە لە هەوڵەکانی بووژانەوەی ئابووری و گواستنەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر، ئازادتر و گەشەسەندووتر.
ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوە لە کۆمێنتێکدا لەسەر بڕیارەکە وتی: بەریتانیا، دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕزگاربوونی سووریا لە "ڕژێمی دڕندەی ئەسەد"، هێشتا لە تەنیشت گەلی سووریا وەستاوە و پشتگیریی ڕێڕەوی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر دەکات. وتیشی دادپەروەری و لێپرسینەوە کۆڵەکەیەکی سەرەکی هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی بەردەوامن، و جەختی کردەوە کە سزاکانی نوێ پەیامێکی ڕوونن بۆ هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی داهاتووی ئاشتییانەی سووریا بدات.
سزاکان بەستنی دارایی (Asset freeze)، قەدەغەکردنی گەشت و دوورخستنەوە لە پۆستە کارگێڕییەکان دەگرێتەوە، کە ئەم کەسانەی گرتووەتەوە: (غەیس دەللە( فەرماندەی سەربازی پێشووی ڕژێم و فەرماندەی یەکێک لە گروپە لایەنگرەکانی (میقداد فاتحە) فەرماندەی سەربازی پێشوو و فەرماندەی گروپێکی چەکداری لایەنگری ڕژێم، هەروەها (محەمەد جاسم) فەرماندەی گرووپی "سوڵتان سولەیمان شا"، و (سەیف بۆلاد) فەرماندەی گرووپی "فیرقەی حەمزە"، لەگەڵ هەردوو بازرگانی سووری-ڕووسی مەدەلەل خۆری و عیماد خۆری، کە تۆمەتبارکراون بە بەشداری لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد.
هەروەها سزاکان سێ گرووپی چەکداری گرتووەتەوە کە بریتین لە: "فیرقەی سوڵتان موراد"، "فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا"، و "فیرقەی حەمزە"، کە سزای بەستنی تەواوی داراییەکانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لەندەن دووبارە جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە پشتگیریکردنی ئاوەدانکردنەوەی سووریا و بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٤ی نیساندا گۆڕانکاری لە ڕێساکانی سزاکانی سەر سووریا کردبوو و هەندێک سنووردارکردنی لەسەر کەرتە گرنگەکانی وەک دارایی، بازرگانی و وزە لابردبوو، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانی پێویست و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەیی.
حکومەتی بەریتانیا ڕوونی دەکاتەوە کە بەستنی دارایی ڕێگری لە هەر مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە ناویان لە لیستی سزاکاندایە، لەکاتێکدا قەدەغەی گەشت ڕێگری دەکات لە چوونە ناو یان مانەوەیان لە شانشینی یەکگرتوو، جگە لە دوورخستنەوەیان لە وەرگرتنی هەر پۆستێکی کارگێڕی لە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکاندا.