پەیامی کورد... تورکیا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە سووریا ڕەتدەکاتەوە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی، ڕاستیی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئامادەیی ئەنقەرە دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە ناو خاکی سووریا، و جەختی کردەوە کە ئەوەی لەم بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە "ورد نییە" و ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی حکومەتی تورکیا نییە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە هەر تێکەڵبوونێکی ئەگەری دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی بێت، نەک لە ڕێگەی لکاندنی یەکەی سەربەخۆ یان پێکهاتەی ئامادەبوو.
فیدان داوای لە "هەسەدە" کرد پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بێت و سەرجەم شەڕڤانانی لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا تێکەڵ بکات.
لە بەرامبەردا، رۆهلات عەفرین، فەرماندە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختی کردەوە کە دانوستانەکان هێشتا تەواو نەبوون، و ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هەنگاوی کردەیی بۆ تێکەڵبوونەوە.
وتیشی هەر پرۆسەیەکی تێکەڵبوون دەبێت بە "دانپێدانانی دەستووری بە بوون و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا" دەست پێ بکات، و ئەوەشی خستەڕوو کە "هەسەدە" ڕەتیدەکاتەوە وەک تاک پەیوەندی بە سوپای سووریاوە بکەن، و حکومەتی سووریاش "سستی دەکات و وەڵامی پێشنیارە پێشکەشکراوەکان ناداتەوە".
عەفرین ڕوونیکردەوە کە ڕێککەوتنەکان لە ژوورە داخراوەکاندا "ڕەزامەندییان لەسەر دەدرێت"، بەڵام واقیع لەسەر زەوی "وەک خۆی دەمێنێتەوە"، و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی پاراستنی سەربەخۆیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە چوارچێوەی هەر قەبارەیەکەی سەربازیی نوێدا کە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.