پەیامی کورد ... دانپێدانانی وەزارەتی تەندرووستی ڕێژیم بە تەرمی جێهێڵدراوی قوربانییەکان لە کوچەی پشت نەخۆشخانەی ئەلغەدیر
حسێن کرمانپوور، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ شەرق، ڕاستی ئەو وێنە بە ئازار و شۆککەرانەی کە هەفتەی ڕابردوو لە کۆڵانی پشت نەخۆشخانەی ئەلغەدیر لە تاران لە سۆشیال میدیا بڵاوکرانەوە، پشتڕاست کردەوە. لە وێنەکاندا تەرمی چەند گیان بەختكردوویەك دەردەكەوێ کە بە بە پەتۆ پێچراون و لە کوچەیەکی نێوان دوو بینادا جێهێڵدراون.
یەکێک لەو تەرمانە هی گیان بەختكردوو ئایدا عەقیلی، كچێكی تەمەن ٣٤ ساڵ بوو كە خوشكەكەی دەم وچاو ناسیوەتەوە و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاندووە.
کرمانپوور باسی لەوەش کرد کە شەوی ١٨ی بەفرانبار، نەخۆشخانەی ئەلغەدیر – کە توانای سنوورداری هەیە – لەناکاو ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورە بووەوە: نزیکەی ١٥٠ بریندار سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد و تەرمی ٣٦ كەسیش بۆ ئەوێ گواسترانەوە. بەڵام ساردخانەی نەخۆشخانەکە تەنها توانای هەڵگرتنی پێنج تەرمی هەبوو.