پەیامی کورد- ڕەقە...دەستگیرکردنی دوو ئەندامی “داعش” لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە ڕەقە
سەرچاوە سەربازییەکان ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ڕایانگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان دژی داواکراوانی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لە گوندەواری باکووری ڕەقە ئەنجامدا.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی دوو ئەندامی "داعش".
هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو، کە کۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی "داعش" بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەدا کردووە.
پێشتر و هەر دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایانگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور ئەنجامداوە و لەوێشدا توانیویانە ئەندامانی شانەیەکی سەر بە "داعش" دەستگیربکەن و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویش پووچەڵ بکەنەوە.