پەیامی کورد- دیمەشق... لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان: قۆناغی گواستنەوە لە سوریا هەستیارە و چارەنووسی هەزاران کەس نادیارە
لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ یەکشەممە، ڕایگەیاند کە قۆناغی گواستنەوە لە سوریا دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەددا، هێشتا "هەستیارە" و ئاماژەیان بە ئاڵنگارییە زۆرەکان کرد لە سایەی بەردەوامیی نەبوونی ئاسایش و توندوتیژی.
لیژنەکە جەختی کردەوە کە "چارەنووسی نادیاری هەزاران کەس کە بە زۆر بێسەروشوێن کراون، هێشتا برینێکی کراوەیە"، و دووپاتیشی کردەوە کە "تێپەڕاندنی ئەو میراتە ترسناکەی کە دەرئەنجامی ١٤ ساڵ لە جەنگ و وێرانکارییەکی بەرفراوانە، پێویستی بە هێز و پشتیوانی و ئارامییەکی زۆر دەبێت".
ئەمڕۆ لە ٨ی کانوونی یەکەم، سورییەکان یادی یەکەم ساڵڕۆژی ڕووخانی حوکمی ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەدی سەرۆکی دەکەنەوە کە وڵاتی بە دەستێکی ئاسنین بەڕێوەدەبرد، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشێکی کتوپڕ کە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دوای نزیکەی ١٤ ساڵ لە جەنگ ئەنجامیاندا.
لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ئەم یادەوە، لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی سوریای کرد بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی، و هیوای خواست کە کاروانەکە بەرەو بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو سورییەکان بەردەوام بێت.
هەروەها داوای یەکخستنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێڕەوە ئاشتییەکان و بنیاتنانی متمانە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر وەک ڕێگایەکی سەرەکی بۆ بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلی سوریا بۆ ژیان بە کەرامەت و ئاسایشەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم لیژنەیە، کە لە شارەزایانی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەردەوامە لە کارەکانی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێی دراوە، بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لە ڕێگەی ئامرازە ئاشتییەکان و دیالۆگی بنیاتنەرەوە.
لیژنەکە ئاماژەی بە گرنگی تەرکیزکردن لەسەر قۆناغی داهاتوو و بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر کرد، کە تێیدا ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا بنەمایەک بێت بۆ پێكەوەژیانی هاوبەش. هەروەها دووپاتی کردەوە کە گەلی سوریا بە هاوسۆزی و خۆڕاگرییەکەی دەتوانێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت و لاپەڕەیەکی نوێ لە سەقامگیری و گەشەپێدان بۆ وڵاتەکەی بنووسێتەوە.