پەیامی کورد ... مایکڵ ڕۆبن : تورکیا لەخۆبایی بووە، ئەردۆغان بە داڕمانەوە کۆتایی دێت
چاودێرێکی ئەمریکی بۆ پرسی تورکیا و کورد پێی وایە حکوومەتی تورکیا بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە نوێیانەی لە سووریا ڕوویان داوە، تووشی “لەخۆبایی بوون” هاتووە، بەڵام بەدووری دەزانێت حکوومەتەکەی ئەردۆغان بتوانێت هەمان سیناریۆ لە هەرێمی کوردستان دووبارە بکاتەوە.
مایکڵ ڕۆبن، چاودێری باڵا لە پەیمانگای ئینتەرپڕایزی ئەمریکی، لە لێدوانێک دا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە “ئەم خۆبەزل زانینە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت، بەڵام گومانم هەیە لەوەی حکوومەتی هەرێم پێویست بکات نیگەران بێت لە پێشهاتێک بە ئەندازەی قەبارەی ئەوەی تورکیا و بریکارەکانی لە سووریا کردیان؛ حکوومەتی هەرێم بە ڕوونی زۆر دامەزراوەیی و دانپێدانراوە.”
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، شەوی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی ئین ئێن تورک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە رایگەیاند، “دوای سووریا، نۆرەی عێراقە.”
هاکان فیدان هەروەها هانی حکوومەتی ناوەندی عێراقی داوە بە فراوان کردنی دەستەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا دوو بۆ سێ رۆژیان پێویستە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەربازییەوە کۆتایی بە دۆخی شنگال بهێنن، کە وەک خۆیان دەڵێت بووەتە شوێنی پەکەکە، کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکاش دایە.
چوارشەممە، 11-2-2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشت کرد، وەک هەڵوێستێک دژی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا.
وەزارەتەکە لە ڕاگەێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد حسێن بەحرۆلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا “نیگەرانی و نارەزایەتی” بەغدای گەیاندە باڵیۆزی تورکیا. بەحرۆلعلوم جەختی کردووەتەوە کە ئەم لێدوانانە “بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە” و وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق لێکدەدرێنەوە.
مایکڵ ڕۆبن پێی وایە حکوومەتی تورکیا دەیەوێت سوود لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی زۆترین فراوانخوازی لە ناوچەکە ئەنجام بدات، بە تایبەت لە کاتێک دا سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ هەیە.
مایکڵ ڕۆبن ڕایگەیاند، “ئانکارا ئێستا سواری بەرزە، چوونکە پێی وایە تورکیا هەموو شتێکی بۆ دەچێتە سەر بەو پێیەی ترامپ زۆر ڕێز لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک ئەردۆغان دەگرێت.”
پێشبینی دەکات ” لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا خۆنمایشکردنی ئەردۆغان بە داڕمانەوە کۆتایی دێت.”
چاودێرەکەی پەیمانگای ئینتەرپڕایزی ئەمریکی پێی وایە ئێستا کات لە بەرژەوەندی کورد نییە، بەڵام پێویستە لایەنە کوردییەکان بە ڕوونی داخوازییەکانی خۆیان بە ووڵاتانی تر بگەێنن.
دەشڵێت، “ئایا داواکاری ئازادییە بۆ ئۆجالان و دەمیرتاش؟ دەبێت داوای دیموکراسی بکرێت نەک تەنها لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە سەرتاسەری تورکیا.”
بۆ بەهێزکردنی چانسی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، مایکڵ ڕۆبن دەڵێت پێویستە لە تورکیا دەسەڵاتەکان بۆ شارەوانی و پارێزگاکان درێژبکرێنەوە.
هەروەها بە گرینگی دەزانێت کورد هەوڵ بدات بە تەنها مل نەداتە بەر پرۆسەی ئاشتی، بەڵکوو هەموو ئەورووپا لەو پرۆسەیە پاڵپشت بێت بۆ سەرکەوتنی.