پەیامی کورد... نەتەنیاهوو سەردانی قاهیرە دەکات
ڕۆژنامەی "تایمز ئۆڤ ئیسرائیل" ئەمڕۆ هەینی ئاشکرای کرد کە ئامادەکاری بۆ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ قاهیرە دەکرێت، بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گەورە بۆ پێدانی غازی سروشتی بە میسر کە بەهاکەی بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی باڵای ئەمریکی، تیمە ئیسرائیلییەکان ماوەی چەند ڕۆژێکە بە هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا کار لەسەر هەماهەنگی سەردانەکە دەکەن. ئەمەش هەنگاوێکە کە نەتەنیاهوو دەیەوێت لە ڕێگەیەوە دەستکەوتێکی سیاسی و میدیایی پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، جگە لە بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی خۆی لە ناوەڕاستی ئەو دۆسیە ناوخۆییە ئاڵۆزانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، چاوەڕوان دەکرێت نەتەنیاهوو لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆببێتەوە بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاگاداری خۆی لە هەر سەردانێکی لەو شێوەیە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند "ئەم بابەتە لای ئێمە ناسراو نییە".
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاپۆرتگەلێک کە باس لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ ڕێکخستنی لوتکەیەکی سێقۆڵی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سیسی و نەتەنیاهوو لە فلۆریدا لەم مانگی کانوونی یەکەمەدا. یەحیێل لەیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، ئەرکی هەماهەنگی پەیوەندییەکانی تایبەت بەم لوتکەیەی لە ئەستۆیە، دوای ئەوەی لەوەتەی دەستلەکارکێشانەوەی ڕۆن دێرمەر لە مانگی ڕابردوودا، بووەتە ئەڵقەی پەیوەندی سەرەکی نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی.
جووڵە دیپلۆماسییە نوێیەکان لە سایەی پەیوەندییەکی گرژی نێوان قاهیرە و تەلئەبیب دێن لەوەتەی هەڵگیرسانی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کە بووە هۆی پچڕانی نزیکەی تەواوەتی پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات، جگە لە هەماهەنگی ئەمنی سەبارەت بە دۆسیەی بارمتەکان. هەروەها ناکۆکی توند سەریهەڵداوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازەی ڕەفەح و ڕەتکردنەوەی میسر بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی غەززە، سەرەڕای گفتوگۆکانی پەیوەست بە بەشداریکردنی لە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی کە بڕیارە پێکبهێنرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڕێککەوتنەی غاز کە کاری لەسەر دەکرێت، بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکان دادەنرێت کە بەهاکەی دەگاتە ٣٥ ملیار دۆلار، بەڵام هێشتا جێگەی مشتومڕە لەناو حکومەتی ئیسرائیلدا. ئیلی کۆهین، وەزیری وزە هۆشداریدا لەوەی کە زیادکردنی هەناردەی غاز ڕەنگە یەدەگەکانی ئیسرائیل کەم بکاتەوە و کاریگەری لەسەر ئاسایشی وزەی ناوخۆ هەبێت، و ڕایگەیاند کە ڕێگە بە پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە نادات پێش چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ لایەنی میسری.