هێرشی هێزی ئاسمانی پاکستان بۆ سەر پێگەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان
لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە سنوورییەکان، پاکستان بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەمە، بە هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر پایتەختی ئەفغانستان و ناوچە سەرەکییەکانی دیکە، پێی ناوە قۆناغێکی نوێی ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی تاڵیبان.
هێزی ئاسمانی پاکستان شارەکانی کابول و قەندەهار و بەشێک لە ویلایەتی پەكتیای کردە ئامانج؛ هێرش گەلێك کە خواجە موحەممەد ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان بە "جەنگی ئاشكرا" وەسفی کردووە و ڕایگەیاندووە کە "سەبری ئیسلام ئاباد تەواو بووە."
ئەو بۆردومانە چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی هێزەکانی تاڵیبان لە ڕۆژی پێنج شەممە بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان بەدرێژایی هێڵی دیورند، ڕوویان دا. زەبیحۆڵڵا موجاهید، ووتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، هێرشەکانی بە "ووڵامێک بۆ دووبارەبوونەوەی دەستدرێژی پاکستان" ناوبرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئەفغانستان چەند بنکەیەکی سنوورییان گرتووە و زیانێکی زۆریان بە سوپای پاکستان گەیاندووە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئۆپراسیۆنی غەزبوولحەق دا زیاتر لە ١٣٠ هێزی تاڵیبان کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون و چەندین بارەگا و کۆگای تەقەمەنیش تێکشکێنراون.
هەردوولا یەکتر به دەستپێکردنی ململانێیەکان تۆمەتبار دەکەن: پاکستان تاڵیبان تۆمەتبار ده کات به داڵدەدانی چەکدارانی تی تی پی (تالیبانی پاكستان) و پاڵپشتی له هێرشه تیرۆریستییەکان له ناو خاکی خۆیدا، هاوکات تاڵیبان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوه و هێرشەکانی پاکستان به پێشێل کردنی سەروەری ئه فغانستان و بەردەوام بوونی سیاسەته شەڕئەنگێزییەکانی ئیسلام ئاباد دەزانێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە