پەیامی کورد... هێزە حکومییەکان دەچنە ناو بەنداوی تشرین لە گوندەواری حەلەب
سەرچاوە مەیدانییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند، کە هێزە حکومییەکان چوونەتە ناو بەنداوی تشرین لە گوندەواری حەلەب.
ئاماژەیان بەوەش کرد، کە چوونە ناوەوەی هێزەکان دوای "کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەو ناوچەی صرین لە باشووری کۆبانێ هات، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە."
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی سووریا، واژۆکردنی ڕێککەوتنی "ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە هەموو بەرەکانی جەنگ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزە حکومییەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات"ی ڕاگەیاندبوو.
بڕیار وایە ئەمڕۆ دووشەممە، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی دیمەشق بکات بۆ تەواوکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە.