ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی کشایەوە

Dîroka Belavkirin :
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی کشایەوە
پەیامی کورد... ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی کشایەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوێنێ پێنجشەممە، کشانەوەی خۆی بە فەرمی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO)  ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەش هۆشداریی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە کە کشانەوەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەوڵەکانی تەندروستیی گشتی لەناوخۆی ئەمریکا و لەسەر ئاستی جیهانیشدا.

واشنتۆن پێی وایە ئەم بڕیارە لە ئەنجامی شکستی ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە بەڕێوەبردنی قەیرانی تەندروستی لە کاتی پەتای کۆڤید-١٩دا.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی فەرمانێکی جێبەجێکردنەوە ڕایگەیاند کە کشانەوەکە لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی ٢٠٢٥ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکانی تەندروستی و دەرەوە، مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکخراوەکە تەنها لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا دەبێت کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کشانەوەیە.

بەرپرسێکی باڵای تەندروستیی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەمریکا پلانی نییە وەک چاودێر بەشداری لە ڕێکخراوەکەدا بکات و بەنیازی دووبارە چوونە ناوەوەش نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن لەبری هاوکاری لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە، ڕوو لە کارکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات لە پرسەکانی تەندروستیی گشتی و چاودێریکردنی نەخۆشییەکاندا.

یاسای ئەمریکا بڕیاری ئەوە دەدات کە پێویستە ئەمریکا ساڵێک پێش کشانەوەی ڕێکخراوەکە ئاگادار بکاتەوە، و ئەو ڕەسمانەی کە لەسەریەتی بدات کە دەگاتە نزیکەی ٢٦٠ ملیۆن دۆلار پێش جێهێشتنی ڕێکخراوەکە. بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە بوونی هەر مەرجێکی یاسایی ڕەتکردەوە کە ئەمریکا پابەند بکات بە دانی هەر بڕە پارەیەک پێش کشانەوە.

لە جنێڤ، بارەگای ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی گەواهی لادانی ئاڵای ئەمریکا بوو، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی سیمبولی بۆ تەواوبوونی ڕێکارەکانی کشانەوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرە ڕێکارێکدایە کە ئەمریکا لەم دواییانەدا بۆ کشانەوە لە چەندین ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتوویەتیە بەر، ئەمەش نیگەرانیی ئەوەی دروست کردووە کە ئەو "ئەنجومەنی ئاشتی"یەی ترامپ لەم دواییانەدا دایمەزراندووە، ببێتە هۆی لاوازکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین داواکاری ئاراستەی واشنتۆن کرابوو بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری کشانەوەکەدا، لەنێویاندا داواکاریی تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی، کە بڕیارەکەی بە زیان بۆ ئەمریکا و جیهان وەسف کرد و هیوای خواست واشنتۆن بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێکخراوەکە.

سەبارەت بە لایەنە داراییەکان، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا ڕەسمە داراییەکانی ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی نەداوە، و جەختی کردەوە کە وڵاتانی ئەندام لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە مانگی داهاتوودا پرسی کشانەوەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا تاوتوێ دەکەن.

کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لەناو ڕێکخراوەکەدا، ئەمەش ئیدارەی ڕێکخراوەکەی ناچار کرد قەبارەی تیمەکەی بە نزیکەی نیوە کەم بکاتەوە و مەودای کارەکانیشی بچووک بکاتەوە، چونکە ئەمریکا گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی ڕێکخراوەکە بوو بە بەشدارییەک کە نزیکەی ١٨٪ی کۆی بودجەکەی پێکدەهێنا.

هەروەها پێشبینی دەکرێت ڕێکخراوەکە ناچار بێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ نزیکەی چارەکێکی کارمەندەکانی دەربکات. ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەڵام داهاتووی ئەم هاوکارییە لە سایەی کشانەوەکەدا بە نادیاری دەمێنێتەوە.