وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنە لە بێدەنگیی جیهان بەرامبەر کورد لە سووریا دەگرێت

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنە لە بێدەنگیی جیهان بەرامبەر کورد لە سووریا دەگرێت

پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنە لە بێدەنگیی جیهان بەرامبەر کورد لە سووریا دەگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، کە کەمینەکان لە سووریا "بە بێدەنگی کۆمەڵکوژ دەکرێن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کوردەکان لەوێ ڕووبەڕووی ئاوارەکردن و سەرکوتکردن دەبنەوە لەسەر بنەمای ناسنامەکەیان.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" وتی: "لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵی ناونیشانی هەواڵە جیاوازەکانە، کەمینەکان لە سووریا بە بێدەنگی دەسڕدرێنەوە و لەناو دەبرێن."

زیاتی کرد: "کوردەکان لە سووریا ڕووبەڕووی ئاوارەکردن، سەرکوتکردن و توندوتیژیی سیستماتیک دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی ناسنامەکەیانەوە، و هەر لەبەر ئەو ناسنامەیەشە کە دەچەوسێنرێنەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی لە بێدەنگیی جیهان گرت و جەختی کردەوە کە "مافەکانی مرۆڤ جیهانیین و نابێت بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی (ئینتیقائی) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت." هەروەها هۆشداریی دا لەوەی کە "بێدەنگی بەرامبەر بەم پێشێلکاریانە، کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بە واتای بێلایەنی نایەت."