پەیامی کورد ... وەزارەتی دەرەوەی سووریا: پرۆژەی لامەرکەزی لە باکووری ڕۆژهەڵات هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی ووڵات
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، لە ڕێگەی ئاژانسی فەرمیی (سانا)ـەوە، ڕەخنەی لە مۆدێلی لامەرکەزییەتە گرت کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کاری پێدەکرێت و بە "هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی دەوڵەت" وەسفی کرد.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند: "ئەو پرۆژەیەی ئێستا بۆ لامەرکەزییەت خراوەتەڕوو، چوارچێوەی ئیداری تێدەپەڕێنێت و بەرەو لامەرکەزییەتێکی سیاسی و ئەمنی فراوان دەڕوات. ئەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە یەکپارچەیی دەوڵەت دەکات و بوونی قەوارەی 'ئەمری واقیع' دەچەسپێنێت کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی کار دەکەن."
هەروەها سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە درووشمی "بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن خەڵکەکەیەوە" لەگەڵ واقیع دا یەک ناگرێتەوە و ووتی: "ئەم گوتارە، واقیعی دوورخستنەوەی سیاسی، قۆرخکردنی بڕیار و نەبوونی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتگوێ دەخات."
بەپێی لێدوانەکەی سانا، دیمەشق پێی وایە ئەم جۆرە لە لامەرکەزییەت نەک هەر خزمەت بە چارەسەری سیاسی ناکات، بەڵکو دابەش بوونەکان قووڵتر دەکاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە بوونی هێزی چەکداری سەربەخۆ، کۆنترۆڵی تاکلایەنەی سنوورەکان و بەڕێوەنەبردنی داهاتی نەوت لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، هەمووی بەشێکن لەو سیاسەتەی کە "لامەرکەزییەت وەک پەرژینێک بۆ جیاکردنەوە بەکاردەهێنێت نەک وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی کارگێڕی ناوخۆیی لەژێر چەتری دەوڵەتی یەکگرتووی سووریادا."