پێنتاگۆن : ئێران لاواز بووە و دەست وپەیوەندییەكانی تووشی لێكهەڵوەشان و وێرانی بوون
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێنتاگۆن لە بڵاوکراوەی ستراتیژی بەرگری میللی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦دا، وێڕای ئاماژەدان بە هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی سەربازی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی تاران لاوازتر و بێ تواناتر لە هەموو کاتێکە.
لەو بەڵگەنامەی پێنتاگۆن دا هاتووە کە دەست وپەیوەندییەکانی ڕێژیم تووشی لێکهەڵوەشان و وێرانی بوون؛ ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل، حیزبۆڵڵا و حەماسی زۆر لاواز کردووە و چیتر ئەو گرووپانە وەک پێشتر توانایان نەماوە.
هەروەها پێنتاگۆن لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و دەست وپەیوەندییەکانی نەک هەر گیانی ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکە خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکوو هۆکاری ناسەقامگیری و نائارامییەکانی ناوچەکەیە.
هەروەها پێداگرە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە کەندئاودا، زیاتر لە هەموو کات ئامادەن لە بەرانبەر ڕێژیمی تاران دا بوەستنەوە.