چوونەژوورەوەی هەموو بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ڕژێمی ئێران بۆ پەرلەمانی ئەورووپا قەدەغە کرا
ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ڕایگەیاند کە لەم ساتەوە، چوونەژوورەوەی هەموو دیپلۆماتکاران، بەرپرسان و نوێنەرانی ڕژێمی ئێران بۆ باڵەخانەکانی ئەم پەرلەمانە قەدەغەیە.
بەپێی ئەم فەرمانە، ئەم قەدەغەکردنە دەست بەجێ لە هەموو بارەگاکانی پەرلەمانی ئەورووپا جێبەجێ دەکرێت کە شارەکانی بروکسل، ستراسبۆرگ و لوکسەمبوورگ دەگرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا هۆکاری ئەم بڕیارە یەکلاکەرەوەیە بۆ «سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپیشاندانەکان لەلایەن تارانەوە» گەڕاندووەتەوە. بەم هەنگاوە، دەستڕاگەیشتنی فەرمیی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە گرینگترین دامەزراوە بڕیاردەرەکانی ئەورووپا بە تەواوی پچڕا.