گرووپی "ئەنسارولسوننە" کێن؟

Dîroka Belavkirin :
گرووپی "ئەنسارولسوننە" کێن؟
پەیامی کورد... گرووپی "ئەنسارولسوننە" کێن؟

"سەرایای ئەنسارولسوننە" کە ڕۆژی هەینی بەرپرسیارێتی هێرشە خوێناوییەکەی سەر مزگەوتێکی گەڕەکێکی عەلەوی‌نشینی لە شاری حومس گرتە ئەستۆ، گرووپێکی چەکداری نوێیە و هێشتا ناسنامەکەی بە تەواوی ڕوون نییە. بەڵام چالاکییە خێراکانی و گوتارە توندڕەوەکەی وای لە شرۆڤەکاران کردووە پێیان وابێت ئەم گرووپە ڕووپۆشێکی میدیایی و ئەمنییە بۆ ڕێکخراوی داعش، بەهۆی ئەوەی ئامانج و میتۆدیان زۆر لە یەکتر نێزیکە.

ناوی ئەم گرووپە بۆ یەکەمجار لە ٢٢ی حوزەیران بە فراوانی دەرکەوت، کاتێک بەرپرسیارێتی هێرشێکی خۆکوژی لە ناو کەنیسەیەک لە دیمەشق گرتە ئەستۆ کە بووە هۆی کوژرانی ٢٥ کەس. ئەو کات لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرامەوە بڵاوکرایەوە، ڕایانگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای "ئیستفزازکردنی مەسیحییەکانی دیمەشق بەرامبەر بانگەواز (دەعوە)" بووە، هاوکات تۆمەتەکانی دەسەڵاتدارانی سووریایان ڕەتکردەوە کە ڕێکخراوی داعشیان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی هەینی گرووپەکە دیسانەوە گەڕایەوە ناو باسەکان، دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر مزگەوتی "ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب"ی لە گەڕەکی وادی زەهەب لە حومس گرتە ئەستۆ کە هەشت کوژراوی لێکەوتەوە. گرووپەکە هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە هێرشەکانیان "بەردەوام دەبن لە زیادبوون و هەموو کافر و هەڵگەڕاوەکان (مورتەدەکان) دەگرێتەوە". ئەم هێرشانە ترس و دڵەڕاوکێی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکانی لە سووریا زیاد کردووە، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران ئەم کردەوانە وەک هەوڵێک بۆ "تێکدانی سەقامگیری" وڵات پۆلێن دەکەن.

هاروون زێلین، توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت هێرشی سەر مزگەوتەکە "گەورەترین" هێرشە لە دوای هێرشی کەنیسەکەی دیمەشق. ئەو پێی وایە ئەم شێوازە لە ئۆپەراسیۆن وەک "ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی چەکداری زیاتر" بەکاردێت. هەروەها دەڵێت: "پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمانە ڕووداوی جیاجیا و دابڕاون، یان سەرەتای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی بەردەوامن هاوشێوەی ئەوەی ڕێکخراوی داعش پەیڕەوی دەکرد".

پێداچوونەوەی ئەکاونتی تێلیگرامی گرووپەکە کە زیاتر لە ٤ هەزار کەس فۆڵۆوەری هەیە، دەریدەخات کە ئەکاونتەکە لە ٨ی حوزەیران دروست کراوە و لەلایەن کەسێکەوە بەناوی "ئەبو عائیشەی شامی" سەرکردایەتی دەکرێت. گرووپەکە دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ خۆیان ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ئەحمەد شەراع (جۆلانی) جلی سەربازیی داکەند.

جگە لە هێرشی سەر کەنیسە و مزگەوتەکە، "سەرایای ئەنسارولسوننە" بەرپرسیارێتی تیرۆرکردنی چەندین کەسی گرتووەتە ئەستۆ و دەڵێت ئەو کەسانە پەیوەندییان بە دەسەڵاتی پێشووەوە هەبووە. هەروەها بەرپرسیارێتی سووتاندنی ڕووبەرێکی فراوان لە دارستانەکانی کەناراوەکانی سووریایان لە وەرزی هاویندا گرتە ئەستۆ کە بە مۆڵگەی کەمینەی عەلەوی دادەنرێت. تا ئێستا هیچ خەمڵاندنێکی ورد بۆ ژمارەی چەکدارەکانیان یان پێکهاتەی ڕێکخراوەییان لەبەردەستدا نییە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕیزەکانی ئەم گرووپە سەرکردە و ئەندامانی پێشووی "دەستەی تەحریری شام" لەخۆدەگرێت (ئەو گرووپەی شەراع سەرکردایەتی دەکرد و هێرشی ڕووخاندنی بەشار ئەسەدی لە ٨ی کانوونی یەکەم ئەنجامدا). زۆربەی بڵاوکراوەکانی گرووپەکە نیشانی دەدەن کە دژایەتییەکی توندی ئەحمەد شەراع و حکومەتەکەی دەکەن و ڕەخنە لە پەیڕەوکردنی یاسا مەدەنییەکان دەگرن، ئەمەش گوزارشت لە ئایدیۆلۆژیایەکی توندڕەو دەکات.

لە چەند بەیاننامەیەکدا، گرووپەکە هاوسۆزییەکی ڕوون بۆ ڕێکخراوی داعش نیشان دەدات و سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات کە چەکدارانی داعش دەکەنە ئامانج. دوای هێرشێکی ناوچەی تەدمور لەم مانگەدا کە بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی و لەلایەن ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە ئەنجامدرا و واشنتۆن دایە پاڵ داعش، ئەنسارولسوننە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەوان لە دژی حکومەتی سووریا لەگەڵ ڕێکخراوی داعشدان.

زێلین لە کۆتاییدا دەڵێت ئەم گرووپە "پێدەچێت ڕووپۆشێک بێت بۆ ڕێکخراوی داعش" و ئاماژە بە هەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا دەکات. پێشی وایە ئەمە بەشێک بێت لە ستراتیژییەتێکی چەواشەکاری میدیایی بۆ شاردنەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی داعش و ڕاکێشانی ئەندامی نوێ لەژێر ناوێکی کەمتر ترسناکدا. هەرچەندە زمان و ئەدەبیاتی داعش بە ڕوونی لە بەیاننامەکانیاندا دەردەکەوێت، بەڵام گرووپەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە سەر بەوان نین و لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی شەممەدا ڕایانگەیاند: "ئێمە گروپێکی سەربەخۆین لە ڕووی کارگێڕییەوە، بەڵام لە عەقیدە و میتۆددا لەگەڵ ئەوان یەکدەگرینەوە".