لیندسی گراهام : لیندسی گراهام : سزای قورس بەسەر هەر حکوومەت یان گرووپێک دا دەسەپێنین کە دوژمنایەتی کورد دەکات
لیندسی گراهام لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی : کارەساتە بۆ ناو و ناوبانگ و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەست بەرداری کورد بێت کە پێشتر هاوپەیمانمان بوون.
• ئامانج لە پرۆژەكە سەپاندنی سزای تووندە بەسەر هەر حكومەت و گرووپێك دا كردەوەی دوژمنكارانەی دژی كورد ئەنجام دابێت.
• پرۆژەكە پشتیوانییەكی بەهێزی دوولایەنەی دەبێت و هێزێكی جێبەجێ كردنی كارای دەبێت.
• کورد لەژێر هەڕەشەی حکوومەتی سووریا دایە کە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیادا هەیە.
لیندسی گراهام، سێناتۆری کۆماریخوازی نزیک لە دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بە نیگەرانییەوە چاودێری تێکچوونی دۆخی سووریا دەکات و دەڵێت کوردەکان لەژێر هەڕەشەی حکوومەتی نوێی سووریا دان کە هاوپەیمانی تورکیایە. گراهام دەشڵێت لەم هەفتەیەدا یاسایەک دەخاتەڕوو بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر هەر حکوومەت یان گرووپێک کە دوژمنایەتی کورد دەکات.
گراهام دەشڵێت "من باوەڕ دەکەم یاسای پاراستنی کورد، لەلایەن هەردوو حیزبەوە پشتیوانییەکی بەهێزی لێدەکرێت و دەبێت یاساکە هێندە توانای هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەر بێت."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی دا نووسیویەتی "کارەسات دەبێت بۆ ناوبانگی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەگەر واز لە کوردەکان بهێنن کە هاوپەیمانی سەرەکی بوون لە لەناوبردنی خەلافەتی داعش دا."
لیندسی گراهام هەروەها لە پۆستێکی دیکە جیادا نووسیویەتی "مێژوو پێمان دەڵێت بڕیاری درووست ئەوەیە لە پشت ئەو کەسانە بین کە لەگەڵ ئەمریکادان و قوربانی دەدەن بۆ دۆزە هاوبەشەکانمان."
گراهام ئاماژەی بەوەکردووە کە تا ڕۆژی مردن لە بیر و یادی ناچێت لەسەردەمی هیلاری کلینتۆن کاتێک ئەمریکا پشتیوانی لە خەڵکی بنغازی نەکردووە چۆن هەستی بە ناخۆشییەکی زۆر کردووە و دەشڵێت هەر بۆیە دەبێت گەلەکەمان لە پشتی ئەو کەسانە بن کە لە بەرامبەر ستەم دا دۆستی ئەمریکان و ئەوانیش خۆپیشاندەرانی ئێران و کوردە ئازاکانن.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دەشڵێت"ئەمانە بڕیاری قورسن. بەڵام وازهێنان لە خەڵکی ئێران و کوردە ئازاکان، لە ڕوانگەی منەوە، ملیۆنێک جار زیاتر لەوەی بنغازی خراپترە."