تاهیر مەلەکشایی منداڵی ١٢ ساڵەی کورد کە لە بەشی ڕووخسارییەوە بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار دەبێت

Dîroka Belavkirin :
تاهیر مەلەکشایی منداڵی ١٢ ساڵەی کورد کە لە بەشی ڕووخسارییەوە بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار دەبێت
  • تاهیر مەلەکشایی منداڵی ١٢ ساڵەی کورد کە لە بەشی ڕۆخسارییەوە بە چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار دەبێت

تاهیر مەلەکشایی منداڵی ١٢ ساڵەی کورد و خەڵکی قوروە سەر بە پارێزگای سنە کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی یانە لە بەشی ڕۆخسار و چاوەکانی بە سەختی بریندار بووبوو و یەکێک لە چاوەکانی بەتاڵ کراوە، ئێستا لە ناوەندە دەرمانییەکانی تاران لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە و ناوەندە حکوومەتییەکان بە فشار خستنە سەر بنەماڵەی، داواکاری ئەوەن کە ڕایبگەێنن تاهیر لە لایەن تێرۆریستەکانەوە بریندار کراوە تا ناوبراو وەک جانباز وەربگرن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، تاهیر مەلەکشایی، منداڵی ١٢ ساڵەی کورد و دانیشتووی قوروە و منداڵی سەجاد مەلەکشایی (بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد)، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەرانبەر تاقیگەی ڕازی شاری قوروە، کەوتە بەر ئامانجی هێرشی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتكەرەکان.

بە پێی شاهێدی یەکێک لە خزمە نزیکەکان و شایەتحاڵان، تاهیر کە بە تەنیایی لە گەڕەکەکەدا بووە و لە کۆبوونەوەی خەڵکی دوورتر بووە، لە ترسی هێرشی هێزە ئەمنییەکان پەنا بۆ پشت ئۆتۆمبێلێک دەبات. تاهیر پاش ناسینەوە و بردنە سەرەوەی دەستەکانی بۆ پێش ڕۆخساری بە نیشانەی خۆ بە دەستەوەدان، لە مەودای یەک مەتری کرایە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی و هاوکات لە لایەن هێزە سەرکوتكەرەکانەوە کەوتووەتە بەر تووندوتیژی و لێدانەوە.

بە پێی ووتەی شایەتحاڵان چەندین جار بۆ لای تاهیر بە چەکی شاتگان تەقە کراوە و لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ ساچمە لە ڕۆخساری ناوبراو ماوەتەوە.

سەرچاوەکان جەختیان کردەوە کە ئەم منداڵە ١٢ ساڵە، سەرەتا لە قوروە نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام بە هۆی نا تەوانی پزیشکەکان لە گەڕانەوەی توانای بینینی تاهیر، ڕەوانەی تاران دەکرێت. ناوبراو لە نەخۆشخانەی نووری لە تاران نەشتەرگەری کراوە، بەڵام چاوی چەپی بە تەواوی لەدەست داوە و پزیشکەکان ناچار کراون چاوی بەتاڵ بکەن
بە هەوڵی پزیشکەکان بینایی چاوی ڕاستی تاهیر تا ٣٠٪ گەڕاوەتەوە.

سەرچاوەکانی نزیک لە بنەماڵەکەی ڕایانگەیاند، ئەم بنەماڵە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بڵاو بوونەوەی وێنەی جەستە و دۆخی چاوەکانی تاهیر لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران لە قوروە هەڕەشەیان لێکراوە و پێشنیاریان کردووە بەم بنەماڵە کە ئەگەر بڵاوی کەنەوە تاهیر لە لایەن تێرۆریستەکانەوە بریندار کراوە، ئەم منداڵەكە وەک جانباز دەناسێنن.