PeyamaKurd - ئاکسیووس : ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتنێکی نوێ نزیک بوونەوە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیووس" کە ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە کە تاران و واشینتۆن لە گەیشتن بە تێگەیشتنێکی سەرەتایی یەک لاپەڕەیی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دیاری کردنی چوارچێوەی دانووستانە ئەتۆمییەکان نزیک بوونەتەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی تێگەیشتنە نوێیەکە بریتییە لە ڕاگەیاندنی کۆتایی هێنان بە ململانێیە سەربازییەکان و دیاری کردنی ماوەی ٣٠ ڕۆژ بۆ دانووستانی ورد لە ئیسلام ئاباد یان ژنێڤ.
ئێران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (کە لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ ساڵ مەزەندە دەکرێت) و ڕێگەدان بە پشکنینی تووندی نێودەوڵەتی.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا گەمارۆکان کەم دەکاتەوە و میلیاردها دۆلار لە دارایی یە بلۆکە کراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.
هەروەها کەمکردنەوەی سنووردارکردنی هاتووچۆی دەریایی لە لایەن هەردوولاوە و هەڵپەساردنی ئۆپراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" ئەمریکا.
ئاکسیووس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە نزیکترین کاتە بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەردوو ووڵات لە دوای دەست پێکردنی گرژییەکان.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێویست ناکات هەموو ڕێککەوتنەکە لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بێت. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران ووڵامی کۆتایی لەسەر چەند تێبینییەکی سەرەکی بداتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لەوبارەوە بە هەواڵدەری" ئیسنا "ی ڕاگەیاند: "پڕۆژە و پێشنیارەکەی ئەمریکا لە لایەن ئێرانەوە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و ئێران دوای کۆبەندی، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی بۆ لایەنی پاکستانی دەگوازێتەوە."