PeyamaKurd - ئاکسیووس ڕاپۆرتێک لەسەر ئەگەری ناوەڕۆکی لێک تێگەیشتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاو دەکاتەوە
ماڵپەڕی ئاكسیووس بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕاپۆرتێکی لەسەر بەندە سەرەکییەکانی لێک تێگەیشتنێکی ئەگەری نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاو کردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەگەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی واژوو بکرێت، تەنگەی هورموز دەست بەجێ و بە بێ هیچ جۆرە وەرگرتنی سەرانە دەکرێتەوە و لە بەرامبەردا سزاکانی سەر تاران بە پێی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنەکەوە، بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ، کەم دەکرێنەوە.
ماڵپەڕی ئاکسیووس لە زاری دیپلۆماتێکی ووڵاتانی نێوندگیر و بەرپرسێکی ئەمریکی یەوە نووسیویەتی ئەم یادداشتەی لێکتێگەیشتنە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و لەو ماوەیەش دا گفتوگۆکانی ناوەکی بەڕێوە دەچن. بە گوێرەی راپۆرتەکە ئاگربەستە ٦٠ ڕۆژەکە لوبنان یش دەگرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەقی ڕێککەوتنەکە هەروەها چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەر هەنگاوێک سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی مەرجدارە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دووەم کە ووردەکاری زیاتر لەخۆ دەگرێت.
دیپلۆماتێک لە ووڵاتانی نێوەندگیر کە دەقە کۆتایی یەکەی بۆ ئاکسیووس ڕوون کردوەتەوە، دەڵێت "ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر دەقی ڕێککەوتنێک گەیشتوونەتە لێک تێگەیشتن." بەڵام جەختی کردەوە ئەم ڕێککەوتنە هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی کۆتایی هەیە.
بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار، تا ئێوارەی پێنجشەممە ئەم ڕێککەوتنە لە ئاستە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرابوو، بەڵام هێشتا پەسەندی کۆتایی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، موجتەبا خامەنەیی، وەرنەگرتووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ووتی چاوەڕێی ئەوە دەکات مەراسیمی واژووکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی هەفتەدا ئەنجام بدرێت.
ئیسماعیل بەقایی، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند تاران "هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە."