PeyamaKurd - ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات
میدیاکانی ئیسرائیلی، ڕۆژی شەممە بڵاویان کردەوە کە سوپای ئیسرائیل، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری درووست بوونی تێکهەڵچوونێکی سەربازی نوێ لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، یان هێرشێکی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، پلانی سەربازیی بەرفراوانی بۆ هێرش کردنە سەر ژێرخانەکانی ڕژێمی ئێران ئامادە کردووە.
بەڵام، بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێستادا پێی باشترە ووڵاتەکەی ڕاستەوخۆ نەچێتە اململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە.
ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "مەعاریف"، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاسایشی ئیسرائیلی نووسیویەتی کە سوپا "پلانی هێرشبەرانەی خۆی دژ بە ڕژێمی ئێران تەواو کردووە"، لە ئەگەری دووبارە دەست پێکردنەوەی شەڕێکی بەرفراوان، یان ئەگەر تاران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئەو سەرچاوە ئاسایشییە بە مەعاریفی وتووە : "ئەگەر ڕابەرایەتی سیاسی ئیسرائیل بڕیار بدات بچێتە ناو شەڕەوە، سوپای ئیسرائیل ئەوەی لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، ئەم جارە بەدەستی دەهێنێت."
ئەو سەرچاوەیە ووردەکاری زیاتری لەبارەی ئامانجەکانی ئەگەری هێرشەکان یان ئەو توانایی یانەی کە لە تێکهەڵچوونەکانی پێشوودا بەکارنەهێندراون، نەخستووەتە ڕوو.
لە هەمان کات دا، ئەو سەرچاوە ئاسایشییە ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمریکاییەکان، بە تایبەتی هێزی ئاسمانی، لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: "ئەو هێزانە بەڵگەی بوونی توانای پێویست دەردەخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێک."
ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێک دا بڵاو دەبنەوە کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن و هەر هەنگاوێکی سەربازی نوێ دەشێت مەترسی فراوانتربوونی ململانێیەکان زیاد بکات.
هەتا ئێستا، حکوومەتی ئیسرائیل بە فەرمی ووردەکاری ئەو پلانە سەربازییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.