ئەردۆغان بەستنی سەروەت و سامانی لەسەر ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سوریا هەڵگرت

Dîroka Belavkirin :
ئەردۆغان بەستنی سەروەت و سامانی لەسەر ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سوریا هەڵگرت


پەیامی کورد- دیمەشق
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوێنێ شەممە بڕیارێکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای دەرکرد و تیایدا بەستنی سەروەت و سامانەکەی هەڵگرت کە بەسەر ئەحمەد ئەلشەرا، سەرۆککۆماری سوریا و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریادا سەپێنرابوو.
بەپێی دەقی فەرمانەکە کە لە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، بڕیارەکە لەسەر بنەمای نوێکارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە لیستە سزاکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرچووە، هەروەها ئەو هەموارکردنانەی کە لەخۆی گرتبوو سەبارەت بەو کەسانەی کە پێشتر تووشی بەستنی سەروەت و سامان بوون.
ئەم بڕیارەی تورکیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و بەریتانیا بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئەلشەرا و خەتابیان ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان دا بۆ لابردنی ناوەکانیان لە لیستەکانی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ڕەشنووسی بڕیارنامەکە کە لەلایەن واشنتۆنەوە نووسراوە، پاڵپشتی ١٤ وڵاتی وەرگرتووە و چینیش ئامادەنەبووە.
وتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بلۆکەکە هەنگاوێکی هاوشێوە دەنێت و ڕوونیشی کردەوە کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سەرۆکی سوریا و وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە دەبێت کە یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی داهاتوودا دەیگرێتەبەر.
شایانی باسە کە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە زۆربەی ئەو سزایانەیان هەڵگرتووە کە بە هۆی کردەوەکانی ڕژێمی پێشووەوە بەسەر سووریادا سەپێندرابوون.