بێنیامین ناتانیاهوو : 92%ـی مووشەکەکانی حیزبۆڵڵامان لەناو بردووە و تا هەڕەشە مابێت لە لوبنان ناکشێینەوە

بێنیامین ناتانیاهوو : 92%ـی مووشەکەکانی حیزبۆڵڵامان لەناو بردووە و تا هەڕەشە مابێت لە لوبنان ناکشێینەوە

PeyamaKurd - بێنیامین ناتانیاهوو : 92%ـی مووشەکەکانی حیزبۆڵڵامان لەناو بردووە و تا هەڕەشە مابێت لە لوبنان ناکشێینەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە گەورەترین جبەخانەی مووشەکی سەر زەوی لە لوبنان تێک بشکێنن و ئێستا تەنیا 8%ی توانا سەربازییەکانی حیزبۆڵڵا ماوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری سوپا لە باشووری لوبنان، ستایشی کارەکانی سوپای کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە خەریکی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سەنگەرەکانی ئێرانین. هێرشمان کردە ناو جەرگەی ئێران و هەڕەشەیەکی جیددیمان لەسەر ئیسرائیل لادا."

ناتانیاهوو ئاشکرای کرد، حیزبۆڵڵا کە گرینگترین سەنگەری ئێران بوو، خاوەنی 150 هەزار مووشەک بوو، بەڵام ئێستا تەنیا 8%ی ئەو جبەخانەیەی ماوەتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 9000 چەکداری ئەو گرووپەیان کوشتووە، کە سەدانیان تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا بووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کرد لە چەمکی ئاسایشی ووڵاتەکەیدا و ووتی : "ئێمە ناوچەی ئارام درووست دەکەین، بەڵام نەک لە ناو خاکی خۆمان، بەڵکوو لە ناو خاکی ئەوان، وەک ئەوەی لە غەززە و سووریا کردوومانە. ڕێگا نادەین هیچ سوپایەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانمان دابنیشێت و هەموو ژێرخانێکی سەر زەوی و ژێرزەویشیان تێک دەدەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، ناتانیاهوو ئاماژەی دا، "ئێستا لوبنان دان بە ئیسرائیل دا دەنێت و ئیسرائیلیش دان بە لوبنان دا دەنێت، هەردوولامان بە ئێران و حیزبۆڵڵا دەڵێین لێرە بڕۆنە دەرەوە، ئێمە دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەرین و دەمانەوێت ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ باکووری ووڵاتەکەمان و دانیشتووانی لوبنانیش بگەڕێنینەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، "ئەمە مشتەکۆڵەیەک بوو بۆ دەم وچاوی سەنگەرەکانی ئێران. ئێمە لە باشووری لوبنان دەرناچین تاوەکوو هەڕەشەکان بە تەواوەتی بنبڕ دەکرێن، تا ئەو کاتەی حیزبۆڵڵایەکی چەکدار لەوێ بێت و هەڕەشەمان لێ بکات، ئێمە لەوێ دەمێنینەوە."