PeyamaKurd - بەحرەین سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی شەممە لە ڕێگەی چەند درۆنێکی ئێرانییەوە کرایە سەر خاکەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند؛ ئەم بەئامانجگرتنە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری ووڵات، هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتەجێ بووان، و پێشێل کردنی هەموو ئەو نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان و ترساندنی خەڵکی سڤیل قەدەغە دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئاژانسی هەواڵی بەحرەین (بنا) بڵاوی کردووەتەوە: "لە کاتێک دا هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو هێورکردنەوەی دۆخەکە دەچن، بەردەوامی دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتی ئێران تەنیا تاران بەرپرسیار دەکات لە تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی. ئەمە دەریدەخات کە سیاسەتی ئەو ووڵاتە لەسەر بنەمای تێکدانی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا دامەزراوە.
وەزارەتەکە جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، ئاشتی بە ترساندن بونیاد ناندرێت و ئاسایش بە دەستدرێژی بەدەست نایەت، هەروەها ئیرادەی بەحرەین لە هەموو هەڕەشەیەک بەهێزترە و یەکڕیزی نیشتمانی ڕێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی ووڵات.
وەزارەتەكە هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی ئێران بەگوێرەی یاداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد، بەڵێنی ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکانی دابوو، بەڵام ئەم هێرشە ناپاکانەیە بێڕێزی ئێران بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەڵێنەکانی خۆی دەسەلمێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین جەختی کردەوە، ووڵاتەکەی "تەواوی مافی ڕەوای خۆی هەیە بۆ بەرگری کردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خۆی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان." هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەرپرسیارییەتی خۆی هەڵبگرێت لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکان و لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکار بکات.