PeyamaKurd - بەپەلە.. درۆنی نەناسراو بە ئاسمانی ویلایەتی لوئیزیانای ئەمریکا بینراون
تۆڕی ئەی بی سی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا، بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی ناوخۆیی، ئاشکرای کردووە کە بینینی چەندین درۆن لەسەر بنکەی ئاسمانی "بارکسدێڵ" لە ویلایەتی لوئیزیانا، کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین بنکە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، نیگەرانییەکی ئەمنی قووڵی درووست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە هەفتەی دووەمی مانگی ئازاردا، لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ درۆن بینراون، کە دەرکەوتووە چالاکییەکانیان زۆر فراوانتر و مەترسیدارتر بووە لەوەی لە سەرەتادا ڕاگەێندرابوو.
سەرەتا بنکەکە ئاماژەی بە چالاکی تەنها یەک سیستەمی فڕینی بێفڕۆکەوان دابوو، بەڵام فڕینە بێ مووڵەتەکان بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون.
ئەی بی سی ئاماژەی بەوەش کردووە، بنکەی بارکسدێڵ شوێنی جێگیرکردنی بۆمبهاوێژە دوورهاوێژەکانی جۆری (B-52)ـە و ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ کردنی توانای بەرگری ئەتۆمی هێزی ئاسمانی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم تۆڕە، درۆنەکان ڕۆژانە نزیکەی چوار کاتژمێر لەسەر ناوچە هەستیارەکان فڕیون و بەرگرییەکی زۆریان لە بەرامبەر سیستەمەکانی پارازیت (Jamming) نیشان داوە.