PeyamaKurd - ترامپ ئاگربەستی ١٠ ڕۆژە لە لوبنان ڕادەگەێنێت
ڕۆژێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس"، ڕاگەێندراوێکی گرینگی سەبارەت بە دۆخی ئیسرائیل و لوبنان بڵاوکردەوە.
ترامپ ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆی "ناوازە و بەرهەمدار"ی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان و بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە.
بە پێی ڕاگەێندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، هەردوو ووڵات ڕەزامەندییان نیشان داوە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئاگربەستێکی فەرمی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕابگەێنن، کە بڕیارە کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ئەمریکا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ترامپ جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا، ئیسرائیل و لوبنان لە واشینتۆن بە ئامادەبوونی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە.
دۆناڵد ترامپ بە شانازییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاروانی سیاسی خۆی دا توانیویەتی ٩ جەنگ لەسەر ئاستی جیهان ڕابگرێت و ئەم هەوڵە نوێیەشی وەک "دەیەمین جەنگ" ناوبرد کە کۆتایی پێدێنێ.