PeyamaKurd - ترامپ : هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکەینەوە ئەگەر ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی نەگاتە ئەنجام
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاند; ئەگەر ئێران نەگەیشتە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر تاران دەست پێدەکاتەوە یان ئەمریکا دەکاتە "پارێزەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە بەرامبەر ٢٠%ی داهاتی ناوچەکەدا.
ترامپ هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێران کردوویەتی، دواجار دڵنیایی دەدات کە تێپەڕین بەناو گەرووی هورموزدا بۆ هەمیشە و بە بێ وەرگرتنی سەرانە دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند سەرەڕای دژایەتی بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیلی لە لەناوبردنی ئەتۆمی ڕزگار کردووە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنەكەدا کە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی لە کۆشکی سپی ئەنجام درا، ووتی بڕیارەکەی بۆ هێرش کردنە سەر کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی مانگی دوو و دواتریش سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دوای داخستنی گەرووی هورمز، هاوسەنگی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە بەرژەوەندی ئەمریکا گۆڕیوە.
ھەروەھا ستایشی شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیای کرد کە هاوکاریان کردووە بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە.
ترامپ ووتی هێشتا لە ئێران ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت یان نا. ناوبراو ووتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا پێداگری لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە، بەڵام دانوستانەکان لەسەر ڕاگرتنی ٢٠ ساڵە بەردەوامن و لەوانەیە ڕازی بێت بە ڕاگرتنی ١٥ ساڵ.
ترامپ هەروەها وتی کە لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتاییدا، ڕێژیمی ئێران تەنیا لە ئاستێکی نزمدا ڕێگەی پێدەدرێت پیتاندن بکات، ئاستێک کە بە وتەی سەرۆکی ئەمەریکا "هەرگیز توانای بەکارهێنانی سەربازیی نابێت".