PeyamaKurd - ترامپ ھەڕەشە لە ئێران دەكات و دەڵێت; ڕێگە نادەین هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز تێپەڕێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاگەێندراوێکدا، فەرمانی بە هێزی دەریایی ووڵاتەکەی دا کە گەمارۆیەکی تەواو بخەنە سەر گەرووی هورمز.
ترامپ ئاشکرای کرد کە دانووستانەکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ شاندی ئێرانی بەهۆی سووربوونی تاران لەسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی گەیشتووەتە بنبەست و هۆشداری دا کە سوپای ئەمریکا "ئامادە و پڕچەک کراوە" بۆ کۆتایی هێنان بەوەی لە ئێران ماوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە شاندێکی باڵای ووڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی جی دی ڤەنس، ستیڤ ڤیتکاف و جەرد کوشنەر، لە ئیسلام ئاباد و بە نێوەندگیری پاکستان، کۆبوونەوەیەکی ٢٠ کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێران ئەنجام داوە. ترامپ ووتی : "لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتین، بەڵام تاران ئامادە نییە دەست بەرداری خەونی ئەتۆمی بێت، منیش دووپاتی دەکەمەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترامپ ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بەجێ دەست دەکات بە گەمارۆدانی هەر کەشتییەک کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. ئەو ئێران ی تۆمەتبار کرد بە سەندنی سەرانە و تێکدانی ئاسایشی جیهانی لە ڕێگەی چاندنی مین لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
هەروەها فەرمانی بە هێزی دەریایی دا هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دا بپشکنن و دەستی بەسەردا بگرن کە سەرانە و باجی بە ئێران دابێت بۆ تێپەڕبوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەێندراوەکەیدا، ترامپ ووتی : "هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران لەناوچوون، سیستەمەکانی بەرگری و ڕادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی سەرکردەکانیان مردوون."
هۆشداریشی دا کە هەر جووڵەیەکی سەربازی ئێران بەرەو ڕووی هێزەکانی ئەمریکا یان کەشتییە بازرگانییەکان، ووڵامەکەی "ناردنیان دەبێت بۆ ناو دۆزەخ."