تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا: لەدەستپێكی شەڕەوە 717 رۆژنامەنووس کوژراون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا: لەدەستپێكی شەڕەوە 717 رۆژنامەنووس کوژراون

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا رایگەیاند، لەدەستپێکی شەڕی ناوخۆ لە سووریا تاوەکو ئێستا، 717 رۆژنامەنووس و میدیاکار کوژراون.

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی راگەیاندن، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا جەختلەسەرئەوە کراوەتەوە کە لەسووریا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پێشێلکاری بەرامبەر ئەوانەی لەبواری رۆژنامەوانیدا کار دەکەن بەردەوامە، لە ئازاری 2011ەوە تاوەکو ئێستا لەوەتەی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، 717 رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار کە شەشیان ئافرەتن و نۆیان بیانین کوژراون.

ئاماژەبەوەشکراوە، 554 رۆژنامەنووس لەوانەش پێنج رۆژنامەنووسی بیانی و یەک رۆژنامەنووسی ژن لەلایەن دەسەڵاتدارانى حکومەتەکەى بەشار ئەسەد و گرووپە چەکدارییەکانى نزیک لە ئێران کوژراون، 24 رۆژنامەنووسی دیکەش لە هێرشی ئاسمانیی رووسیادا کوژراون.

هەروەها 64 رۆژنامەنووس و راگەیاندنکار لەمیانی شەڕی ناوخۆدا لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراون، کە سیانیان بیانی و دووانیان ژن بوون.

لەئاکامی ئەو هێرشانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە ئەنجامدراوە، راگەیاندنکارێک کوژراوە و 36 راگەیاندنکاری دیکەش کە یەکێکیان بیانییە لەلایەن لایەنە نادیارەکانی دیکەوە کوژراون.